داواکردن و بڕاندنەوەی کێشەی داواکار و داوالێکراو لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-22-01:29:00 - کۆدی بابەت: 4731
داواکردن و بڕاندنەوەی کێشەی داواکار و داوالێکراو لە ئیسلامدا
حوکمە شەرعییەکان

ئەوە ئازاد بە داواکار دائەندرێ، چونکە داوایەکەی وا دێتە بەرچاو کە ڕاست نییە و ئەگەر ئەو واز بێنێ، وازی لێ ئەهێندرێ.

ناوه‌ڕۆك

داواکردن و بڕاندنەوەی کێشەی داواکار و داوالێکراو

داواکار ئەو کەسەیە وا بێتە بەرچاو کە داوایەکەی ڕاست نییە و ئەگەر ئەو بێدەنگ بێ، وازی لێبهێندرێ. وە داوالێکراو ئەو کەسەیە: وا بێتە بەرچو کە وەڵامەکەی ڕاستە، بەڵام ئەگەر بێدەنگ بێ، وازی لێناهێندرێ. بۆ وێنە: ئەگەر ئازاد بڵێ: نەواد تۆ دە دینار قەرزداری منی. ئەوە ئازاد بە داواکار دائەندرێ، چونکە داوایەکەی وا دێتە بەرچاو کە ڕاست نییە و ئەگەر ئەو واز بێنێ، وازی لێ ئەهێندرێ.

هەر کاتێک داواکارەکە شاهیدی هەبوو بۆ داواکراوەکەی، واجبە شاهیدییەکەیان گوێ بداتێ وە بڕیار بدا مافەکە هی داواکارەکەیە بەهۆی ئەو شاهیدییە.

جیاوازی نییە لە داواکردنی ماڵدا لە نێوان دو شاهید و لە نێوان یەک شاهیدی لەگەڵ سوێندی داواکار (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: أن النبی ﷺ قضی بیمین وشاهد) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ بەهۆی یەک شاهید و سوێندی داواکار بڕیاری دا مافەکە بدرێتە داواکار.

واجبە -لە دوای شاهیدیدانی شاهیدەکە- داواکارەکە لە سوێندەکەیدا بڵێ: شاهیدەکەم ڕاست ئەکا و ئەو شتە مافی منە.

جا ئەگەر داواکارەکە هیچ شاهیدی نەبوو ئەو قسەیەی وەرئەگیرێ قسەی داوالێکراوەکەیە بە هۆی سوێندخواردنی: کە داواکارەکە ڕاست ناکا و هیچ مافی لەسەر نییە، واتە: بە گوێرەی وەڵامەکەی سوێند ئەخوا (عن ابن عباس -رضە الله عنهما-: قال النبی ﷺ: البینة علی المدعی والیمین علی من أنکر) رواه البیهقی، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: شاهید لەسەر داواکارە و سوێند لەسەر داوالێکراوە.

ئەو سوێندەی داوالێکراوەکە ئەیخوا تەنها لەم دەمەدا کێشەکە ئەبڕێنێتەوە و، ئەگەر بە درۆ بوو ماڵەکەی پێ حەڵاڵ نابێ، کەوابوو: ئەگەر -لە دوای سوێندخواردنەکە- داواکارەکە شاهیدی هێنا، ماڵەکەی ئەبێتەوە هی خۆی.

جا ئەگەر داوالێکراوەکە سوێندی نەخوارد و گوتی: سوێند ناخۆم ئەو سوێندە ئەگەڕێندرێتەوە بۆ سەر داواکارەکە، واتە: (قازی) پێی ئەڵێ: تۆ سوێند بخۆ کە ئەو شتە مافی تۆیە (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: أن النبی ﷺ رد الیمین علی طالب الحق) رواه الدارقطني وصححه الحاکم، پێغەمبەر ﷺ سوێندی گەڕاندەوە بۆ سەر داواکار.

داواکارەکە ئەو سوێندە گەڕاندراوەیە ئەخوا جا بەم سوێندە شتە داواکراوەکە ئەبێتە هی خۆی.

تێبینی

یەکەم: ئەو سوێندە گەڕاندراوەیە -کە داواکارەکە ئەیخوا- وەکو دانپێداهێنانی داوالێکراوەکەیە، کەوابوو: ئەگەر داواکارەکە سوێندە گەڕاندراوەکەی خوارد، مافەکەی ئەدرێتێ و ئەگەر لەمەودوا داوالێکراوەکە شاهیدیش بێنێ بێسوودە و لێی وەرناگیرێ، هەروەها ئەگەر داواکاریش سوێندە گەڕاندراوەکە نەخوا، مافی ئەسووتێ و نابێ جارێکی تر داوای ئەو مافە بکا، مەگە شاهیدی دەست بکەوێ، لەو کاتە بۆی دروستە بەم شاهیدە داوایەکی تر تۆمار بکا.

دووەم: هەر کەسێک مافی ماڵی لەسەر کەسێکی تر بوو وەک قەرز و کرێی کارکردن و ماڵی زەوتکراو و ئەو جۆرە شتانە، جا بۆ نەئەگونجا مافەکەی خۆی بە هۆی دادگا وەربگرێتەوە، ئەوە بۆی دروستە بە نهێنی، یان بە هەر شێوەیەکی تر -کە تووشی ئاژاوە نەبێ- بە ئەندازەی مافەکەی خۆی وەربگرێتەوە، جا ئەگەر لە ئەندازەی مافی خۆی زیاتری هاتە دەست، ئەبێ بە هەر فێڵێک بێ، زێدەیەکە بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی (عن عائشة -رضە الله عنها-: إن إمرأة أبی سفیان قالت: یا رسول الله ﷺ إن أبا سفیان لا یعطیني ما یکفینی وولدی إلا ماأخذت من ماله بغیر عمله، فقال النبی ﷺ: خذی ما یکفیك وولدك بالمعروف) رواه الشیخان، ژنی (ئەبو سوفیان) گۆتیە پێغەمبەر ﷺ: (ئەبو سوفیان) بە تەواوی ئەرکی بەخێوکردنی خۆم و منداڵەکەم ناداتێ مەگەر بێ ئاگاداری وی شتێک لە ماڵەکەی ببەم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: بە ئەندازەی خۆت و منداڵەکەت لە ماڵی (ئەبو سوفیان) ببە.

سێیەم: ئەو شتەی کێشەی لەسەرە ئەگەر بووە هی داواکارەکە، ئەبێ داوالێکراوەکە ئەرکی هێنانی بدا، ئەگەر نا ئەبێ داواکارەکە ئەرکی هێنان و بردنەوەی بدا.


سەرچاوەکان



377 بینین